تا ئێستا ئەڵمانیا دانی بە جینۆسایدی ئێزدییان نەناوە

 
 
کۆمەڵێ میدیا و سەکۆی سۆشیاڵ میدیای کوردیی و عەرەبیی، رۆژی ٨ی تەمموز بڵاویانکردەوە، پەرلەمانی ئەڵمانیا دانی بە جینۆسایدی ئێزدییان ناوە. لە ١٠ی تەمموزیشدا، ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییانیش لە کۆنگرەییەکی رۆژنامەوانییدا، بە ئامادەبوونی میری ئێزدییان و بابە شێخ باوکی ڕۆحی ئێزدییان لە جیهان، سوپاسی گەلی ئەڵمانیایان کرد.
راستیی و دروستیی هەواڵەکە:
تیمی بنکۆڵکاریی (پاسەوان)، دوای بەدواداچون و بنکۆڵکارییەکانی لەوبارەیەوە، بۆی دەرکەوت، ئەو هەواڵە راست نیە، ئەو بابەتە بەوجۆرە نەبووە، بەڵکو تەنها پرۆژەیاسایەک بۆ پەرلەمان ئامادەکراوە، بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدان، چونکە تا ئێستا یەک وێنەی دەنگدان لەو پەرلەمانە نیە کە پەرلەمانتاران دەنگیان لەسەر دابێت، تەنانەت پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پشووی تەشریعیی خۆیدایە.
لەو بارەیەشەوە، حەسۆ هورمی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئێزدییانی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەڕووی کۆمەڵكوژییەکان لە هۆڵەندا، بۆ (پاسەوان)ی رونکردەوە: ”پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگی لەسەر جینۆسایدی ئێزدییان نەداوە، تەنها پرۆژەیاسایەکە ئامادەکراوە و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە بۆ دەنگدان لەسەری.”
ناوبراو وتیشی: “ئەو پرۆژەیاسایە لە لایەن هەموو حزبەکانەوە پەسەندکراوە، بەڵام بۆ بابەتی دەنگدان هێشتا نەچووەتە دەنگدان، نازانم چۆن ئەو میدیایانە کەوتوونەتە هەڵەیەکی گەورەی وەک ئەمە؟”
ئاماژەی بەوەشدا “لە ٢٠/٦ی ئەمساڵدا، کۆمیتەی مافی مرۆڤ و سەنتەری راوێژکاریی ئێزدییان لە بارەی پرۆژە یاساکە و چۆنێتیی دەنگدان لەسەری، لەگەڵ خەڵکی شنگال کۆبوونەوە”.
هەروەک ئاشکراشیکرد؛ ئێستا پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پشووی تەشریعیی داییە، پێدەچیت سەرەتای مانگی نۆ تاوەکو مانگی ١١ ئەم پرۆژەیاسایە بخرێتە دەنگدان.