هەواڵى کەمکردنەوەى بەشەبەنزینى سلێمانى ڕاست نییە.

 
ڕۆژى ٢٦ى تەمموز، پەیامنێری (درەو میدیا)، لە روماڵێکی راستەوخۆدا لەنێو بەنزینخانەى برایەتى لە شارى سلێمانى-یەوە، وتى: “بە بڕیارێکی حکومەتى هەرێم، بەنزینى پاڵپشتیکراو بۆ پارێزگاى سلێمانى لە (٣٤%)ەوە کەمکراوەتەوە بۆ (٢٩%)”.
بەڵام، بەهمەن شێخ قادر، نوێنەرى خاوەن بەنزینخانەکانى سلێمانى بۆ (پاسەوان)، ڕوونیکردەوە، بەشە بەنزینى سلێمانى کەمنەکراوەتەوە،
بەڵکو بوونى ئەو بەنزینە پاڵپشتیکراوەى حکومەت، بووەتە هۆکارێک بۆ دابەزینى نرخى بەنزینى بازرگانیى لە بەنزینخانەکان،
وتیشی: “لەم هەفتەیەوە نرخى بەنزین دادەبەزێت.”
هاوکات، یادگار فەتاح، بەڕێوەبەرى نەوت و کانزاکانى گەرمیان، بۆ (پاسەوان)ـی ئاشکراکرد، هیچ بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەى بەشەبەنزینى سنورى سلێمانى نەدراوە.
بەپێى پۆستێکى پەڕەى (Kurdistan) لە فەسبوک، کە پەڕەیەکى فەرمیى حکومەتى هەرێمە، ڕۆژانە (٢) ملیۆن لیتر بەنزین بە نرخى (٨٠٠) دینار، بەسەر شارەکانى هەرێم دابەشدەکرێت.
لە بەدواداچوونەکانى تیمى (پاسەوان)ـەوە، دەردەکەوێت، لە دابەشکردنى بەنزین بە نرخى (٨٠٠) دینار، پارێزگاى سلێمانى بە پاڕێزگاى هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕینەوە، (٣٠%)ى بەشە بەنزینیان پێدەدرێت، پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ (٣٠%)،
بەڵام لە دابەشکردنى بەنزین بە نرخى (٦٩٠) دینار، فراوانیى سنورى سلێمانى لەبەرچاو گیراوە، بە شێوەیەک هەریەکە لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى (٤٠%) بەنزینیان بۆ تەرخانکراوە، (٢٠%)یش بۆ پارێزگاى دهۆک.