هەواڵی دەستخستنی پرسیارەكانی شەشەمی ئامادەیی بە 300 دۆلار ساختە بوو

 
ژمارەیەك هەژمار و گروپ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بڵاویانكردەوە، پرسیاری تاقیكردنەوەكانی وەزاریی پۆلی شەشەمی ئامادەیی دزەیان پێكراوە. هەندێكیشیان ئاماژە بەوە دەكەن، كە نرخی هەر پرسیارێك، بە 50 دۆلارە و كۆی پرسیارەكانیش بە 300 دۆلارن.
ئەو دەنگۆیانە لەكاتێكدا بوون، كە چوارشەممە 20ی تەمموز، یەكەم تاقیكردنەوەی قۆناغی شەشەمی ئامادەیی دەستیپێكرد، بە بەشداریی نزیكەی 500 هەزار خوێندكار لە تەواوی عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان.
نمونەی چەند ساختەهەواڵێك:
پەڕەیەك بە ناوی (مناشدات طلاب)، لە ئێوارەی 19ی تەمموز (رۆژێك پێش دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكان)، بڵاویكردەوە؛ پرسیاری تاقیكردنەوەكانی شەشەمی ئامادەیی بۆ سەرجەمی بابەتەكان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دزەیان پێكرا.
ئاماژە بەوەشدەكات، پرسیارەكان دەفرۆشرێن بەو خوێندكارانەی كە ئارەزوی كڕینیان دەكەن. ئاشکراشیکردوە: “نرخی پرسیاری هەر وانەیەك 50 دۆلارە و كۆی بابەتەكانیش 300 دۆلار”.
راستیی و دروستیی هەواڵەكە:
حەیدەر فاروق، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، لە لێدوانێكیدا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە، جەختیكردەوە “هیچ حاڵەتێكی دزەپێكردنێكی پرسیارەكانی تاقیكردنەوە روینەداوە”، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی بڵاودەكرێنەوە هەموی دەنگۆ و هەواڵی ناڕاستن.
وتەبیژی وەزارەتی پەروەردە، راشیگەیاند، وەزارەتەكەیان لەو پرسەدا بە شێوەیەكی باش كاردەكات، هاوشانی هێزە ئەمنییەكان و وەزارەتی گەیاندن، بۆ رونەدانی هەر حاڵەتێكی لەوشێوەیە.
هاوكات بەشی روبەڕوبونەوەی دەنگۆكان، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، هەمان لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عیراقی سەبارەت بەو پرسە بڵاوكردۆتەوە و دەڵێت: “دەنگۆكان هیچ بنەمایەكیان نییە”.
بڕوانە دەقی لێدوانەكەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە:
ئەو دەنگۆیانە لەكاتێكدان، لە كۆتایی ئایاری ئەمساڵ، تاقیكردنەوەكانی پۆلی سێی ناوەندیی لە عیراق، بەهۆی دزەپێكردنی پرسیارەكانی وانەی بیركارییەوە راگیران.
دواتر عەلی دلێمی، وەزیری پەروەردەی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە 10ی حوزەیران، وتی “پرسیاری تاقیكردنەوەكانی سێی ناوەندی لەڕێی پاسەوانێكی پەروەردەی دوی رەسافەی بەغداوە دزەیكردوە و بڵاوبۆتەوە”، ئەوەش بەپێی لێكۆڵینەوەكانیان.
بڕوانە دەقی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی وەزیری پەروەردە: