هەواڵی دەستكاریكردن و پەیڕەوكردنی سیستمی نوێی موچەی فەرمانبەران ساختە بوو

 
دەیان پەڕە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی “نزیكبونەوەی كاركردنیان” بە پێوەری نوێی موچە لە سەرتاسەری عیراق راگەیاند و هەواڵەكەشیان بەناوی تەیف سامی، بریكاری وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڵاوكردۆتەوە، بەڵام هەواڵەكە هیچ بنەمایەكی نییە و ساختەیە.
(شبكة صوت الناصرية) لە 24ی تەمموز بەناو و وێنەی تەیف سامی، بریكاری وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڵاویكردەوە كە بەمەبەستی یەكخستنەوەی موچەی فەرمانبەران، پێوەرە نوێیەكەی موچە زۆر نزیكبۆتەوە.
لە كرۆكی هەواڵەكەدا باس لەوە دەكات كە پێوەری نوێی موچە هەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە و تیایدا هاتووە كە سەدا 70ی تەرخانكراو بۆ بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا هەڵدەوەشێتەوە و “جیاوازی لە نێوان موچەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا و موچەی بەڕێوەبەران زۆر كەمدەبێت”.
تەیف سامی، بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق، كە هەواڵەكەی بەناوەوە بڵاوكراوەتەوە، چەند جارێك جەختیكردۆتەوە لەوەی كە ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكارناهێنێت و خاوەنی هیچ پەیج و ئەكاونتێك نییە.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵیش لە رونكردنەوەیەكیدا وتی “هەندێک لێدوان بەناوی منەوە لە پەیجەكان بڵاودەكرێنەوە ساختەن و ئامانجیان بەلاڕێدابردنی رای گشتییە و من پەیجم نییە”.
تیمی (پاسەوان)، چاودێری بڵاوكراوە و لێدوانەكانی ئەم مانگەی تەیف سامی، بریكاری وەزارەتی دارایی عیراقی كرد، دەركەوت هیچ لێدوان و رونكردنەوەیەكی لەبارەی پەیڕەوكردنی سیستمی نوێی موچەوە نەبووە. هەروەها لە پلاتفۆرمە میدیاییەكانی وەزارەتی داراییش زانیاریی لەو شێوەیە بڵاونەكراوەتەوە.
لەلایەكی ترەوە، وەزارەتی دارایی عیراق، لە رونكردنەوەیەكیدا لە 24ی تەمموز، دوای بڵاوبونەوەی زیاتری دەنگۆكانی پەیوەست بە پەیڕەوكردنی سیستمی نوێی موچە، رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە لەوەی ئەو وتانەی بەناو تەیف سامی بڵاودەكرێنەوە هیچ بنەمایەكیان نییە و ساختەن.
لە رونكردنەوەكەدا هاتووە “بەشی بودجەی وەزارەت هیچ پەیجێكی رەسمی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نییە، هیچ پەیجێكی فەرمیش بەناوی تەیف سامی-یەوە نییە”، داواش دەكات بۆ زانیاریی دروست و پشتڕاستكراوە تەنیا پلاتفۆرمە فەرمییەكانی وەزارەت بەكاربهێنرێن.
ئەمە جاری یەكەم نییە، هەواڵی ساختە لەبارەی موچە و دامەزراندن بەناوی بەناوی تەیف سامی، بریكاری وەزارەتی دارایی عیراقەوە بڵاودەكرێتەوە. لە 19ی ئایاریش ئەمساڵیش پەیجێك بەناوی ناوبراوەوە بڵاویكردەوە كە بودجەی ساڵی 2022 توانای جێگیرکردنی هەموو وانەبێژەكانی عیراقی هەیە بۆ گرێبەستی هەمیشەیی، دواتر تەیف سامی، تەواوی ئەو زانیارییانەی رەتكردەوە.