هەواڵی زیادكردنی موچەی چاودێریی كۆمەڵایەتیی لە یەكی ئاب، ساختە بوو.
دەیان پەڕە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبوك)، لە رۆژانی 7و 8ی تەمموز، هەواڵێكیان بە ناوی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حکومەتی عیراقەوە بڵاوكردەوە؛ گوایا لە یەكی ئابی ئەمساڵەوە، زیادكردنی موچەی چاودێریی كۆمەڵایەتیی جێبەجێدەكرێت. ئاماژە بەوەشدراوە، لە كاتی دەرچونی بڕیارەكەوە، بۆیان خەرجدەكرێت و، كەمترین موچەش 225 هەزار دینار دەبێت.
راستیی و دروستیی هەواڵەكە:
تیمی بنکۆڵکاریی (پاسەوان)، لە ڕێی سەکۆ رەسمییەكانی حكومەتی عیراق و وەزارەتەكانی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی و وەزارەتی داراییەوە، چاودێریی دوو مانگی رابردوی راگەیەنراو، بەیاننامە و بڕیارەكانی كرد، دەركەوت هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە نەدراوە.
بڕوانە ماڵپەڕی رەسمیی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی:
بڕوانە پەڕەی رەسمیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی لە (فەیسبوك):
بڕوانە ماڵپەڕی رەسمیی حكومەتی عیراق:
بڕوانە پەڕەی رەسمیی وەزارەتی دارایی عیراق لە (فەیسبوك):
تاكە لێدوانی رەسمیی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی عیراق، لەبارەی پرسی دەستپێكردنی زیادكردنی موچەی چاودێریی كۆمەڵایەتییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ یەكی ئاداری 2022، تێیدا د. عەبیر چەلەبی، بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە رۆژنامەی (ئەلسەباح)ـی وتووە “وەزارەت لە پرۆسەی زیادكردنی موچەی چاودێریی كۆمەڵایەتییدایە، بۆ ئەوەی مانگانە بگاتە 420 هەزار دینار، هاوكات مووچەی كەمئەندامان لە 170 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار زیاد دەكات، بەڵام هەموو ئەوانە دەكەونە دوای پەسەندكردنی بودجەی ساڵی ئایندەوە، ئەوەش بە مەرجێك بڕی شەش ترلیۆن دینار لەناو بودجەدا بۆ ئەو مەبەستە خەرجبكرێت”.
واتە زیادكردنەكە لە یەكی ئابی ئەمساڵدا رونادات، هەروەها زیادكردن هێشتا نەبۆتە بڕیار و پێویستی بە پەسەندكردن هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران لە پڕۆژەیاسای بودجەدا.