پرۆژەكانی حكومەت لە سلێمانی جێبەجێنەكراون

 
حكومەتی هەرێم، بڵاویكردەوە، لە ماوەی سێ‌ ساڵدا 69 پرۆژە لە پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین ئەنجامدراون، بەڵام پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح لە مەككەوە ڕەتیكردەوە، هیچ پرۆژەیەك جێبەجێ كرابێت.
راستیی و دروستیی بابەتەکە:
بەپێی قسەی رەمەزان نامیق، سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، قسەكەی عەلی حەمەساڵح راستە. ئەو بە (پاسەوان)ـی وت: “تاکو ئێستا جگە لە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتریی هیچ پڕۆژەیەکی تر جێبەجێناکرێت، پڕۆژەی ڕێگاکانی کەلار و ڕانیە و دەربەندیخانیش، هی کابینەکانی پێشووە و ئەم کابینەیە توانای دابینکردنی بودجەی نیە تەواویان بکات”.
رەمەزان نامیق، زیاتر رونیكردەوە؛ “ئێمە ئەمساڵ ٦۳ پڕۆژەمان لە ئەنجومەن پەسەند کرد، حکومەت بڕیاریداوە لە بودجەی پەرەپێدان پارەیان بۆ دابین بکات و دەرخستەی ئەم پڕۆژانە پێش جەژن بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە، بۆئەوەی وردبینیی بکرێت، بەڵام تاکو ئێستا تەنیا ژمارەیەکە و هیچی نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە حکومەت دەڵێ ئەگەر پارە هەبێت، ئینجا جێبەجێیان دەکەم”.
بە وتەی ناوبراو، هەموو پڕۆژەکان لە داهاتی سلێمانی بودجەی بۆ دابیندەکرێت، جگە لە پڕۆژەکانی بودجەی پەرەپێدان، کە حکومەتی عێراق، یان حکومەتی هەرێم ساڵانە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان بۆ هەموو پارێزگایەکی دابیندەکەن.