
ڤیدیۆكە سلێمانی و كوردستان نەبوو
راستیی شوێنی كوشتنی پیاوێك “لەلایەن ژنەكەیەوە بە 10 فیشەك لەسەر ناپاکیی هاوسەرگیریی”
کۆمەڵێ پەڕەی عیراقی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبوك)، لە رۆژانی 12 و 13ی تەمموز، ڤیدیۆی ژنێكیان بڵاوكردەوە كاتێك لە شەقامێكی گشتییدا تەقە لە پیاوێك دەكات و، وابڵاوكرایەوە، كە روداوەكە لە سلێمانی بووە. هەندێكیان نوسیبویان: لە كوردستان رویداوە و هۆكارەكەشیان بۆ ناپاکیی هاوسەرگیریی گەڕاندەوە.
راستیی و دروستیی هەواڵەكە:
بەپێی ساغكردنەوەی تیمی بنکۆڵکاریی (پاسەوان)، شوێنی رووداوەکە سلێمانی و هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵکو تەنانەت لە دەرەوەی عیراقیش بووە. ئەو ڤیدیۆیە، هیچ پەیوەندیی بە سلێمانی و كوردستان و هەروەها عیراقەوە نییە و رۆژی 11ی تەمموز، لە زۆرێك لە دەزگا راگەیاندنەكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە.
كورتەی چیرۆكی ئەو ڤیدیۆیە ئەوەیە، ژنێك بە ناوی (فاتمە یگیت)، لە شارۆچكەی (سوروچ)ـی توركیا دادەنیشێت و دایكی سێ منداڵە، رۆژی 10ی تەمموز بە تفەنگی راوكردن تەقە لە پیاوێك دەكات بە ناوی (فەرهەت دەمیر)، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە و هەرلەوێ كوشتویەتی و ناوی پرۆسەكەشی ناوە “پاككردنەوەی شەرەف”.
لەلایەكیترەوە، بەشی بەرەنگاربونەوەی دەنگۆكان لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا لە 11ی تەمموز بڵاویكردۆتەوە، كە ئەو گرتە ڤیدیۆیە هیچ پەیوەندیی بە عیراقەوە نییە و روداوەكە دەرەوەی عیراقە.