ڤیزای توركیا گرانتر بووە، نەک هه‌رزان

 
 
کۆمەڵێ دامەزراوەی راگه‌یاندن و تۆڕی پەیوەندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی لە هەرێمی کوردستان بڵاویانكرده‌وه‌،‌ نرخی ڤیزای گەشتیاریی وڵاتی توركیا بۆ هاوڵاتیانی عێراق هه‌رزان بووه‌، به‌ڵام وا نه‌بوو.
كه‌ناڵی (رووداو) له‌ پەڕەکەی لە (فەیسبوک) گرافیكێكی دانابوو، له‌سه‌ری نووسیبوو: “ڤیزای توركیا بوو به‌ 60 دۆلار”.
هه‌روه‌ها كه‌ناڵی (KNN) له‌ هه‌واڵێكدا نوسیبووی: “ڤیزای تورکیا لە 125 دۆلارەوە کرا بە 60 دۆلار”.
ماڵپه‌ری (SNN) هه‌واڵه‌كه‌ی به‌و جۆره‌ بڵاوكرده‌وه‌؛ “ئەمڕۆ پێنجشەممە، باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە هەر هاووڵاتییەکی عێراقی لە دوای 16ی تەمموزەوە، فیزەی تورکیا وەربگرێت تەنیا بڕی 60 دۆلار دەدات، کە پێشتر ئەو نرخە 125 دۆلار بوو بۆ یەک کەس”.
په‌ڕەی (كۆی باسه‌كان)، له‌سه‌ره‌تادا وا بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ ڤیزای توركیا هه‌رزان بووه‌، به‌ڵام دواتر هه‌واڵه‌كه‌ی راستكرده‌وه‌ و گرافیك دیزاینه‌كه‌ی گۆڕی.
راستكردنه‌وه‌:
کۆمپانیاى gate way کە بەرپرسی سەرەکییە بۆ پێدانی ڤیزای تورکیا بە هاوڵاتیانی هەرێمى کوردستان و عێراق، له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: لە رۆژى (16/7/2022)ـەوە، خزمه‌تگوزاریی پێدانی ڤیزا ده‌بێته‌‌ 60 دۆلار.
لەمبارەیەوە، (تیمی بنكۆڵكاریی پاسه‌وان) قسه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای سارا لاس تراڤڵ له‌ سلێمانی كرد، كه‌سێك به ‌ناوی كۆمپانیاكه‌وه‌ جەختیکردەوە؛ نرخی ڤیزای توركیا هه‌رزان نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ 125 دۆلاره‌وه‌ بووه‌ به‌ 135 دۆلار بەرزبۆتەوە.
پێشتر بۆ وه‌رگرتنی ڤیزای توركیا، هاوڵاتیانی هه‌رێم و عێراق، 50 دۆلاریان بۆ پێشكه‌شكردنی داواكاریی ڤیزا، 60 دۆلار بۆ دڵنیایی ته‌ندروستیی، 15 دۆلار بۆ گه‌یاندن و مامه‌ڵه‌ی دیكه‌ ده‌دا، ئێستا نرخی پێشكه‌شكردنی داواكاریی ڤیزا بۆ 60 دۆلار به‌رزبوه‌ته‌وه‌، به‌وه‌ش كۆی تێچوی ڤیزاكه‌ ده‌بێته‌ 135 دۆلار.