گۆڕینی بەرپرسە کارگێڕییەکانی گۆڕان بەزۆر نییە.
ماوەیەكە، بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، گۆڕانكاریی لە بەرپرسە ئیداریی و سەربازییەكانی سنووری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی دەستیپێكردووە، لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسی ژمارەیەك بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕدراون لەوانە: (بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، بەڕێوەبەری ئاسایشی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی سلێمانی).
سەرچاوەیەك لە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، بە (پاسەوان)ی راگەیاند: “ئەو ڕووداوە راستە كە بەسەر ئاری رەوف بێگەرد بەڕێوەبەری بەرێوەبەرێتیی گشتیی پۆلیسی پاراستنی دارستانی سلێمانیدا هاتووە، بەڵام ئەوە ڕاست نیە، كە دەڵێن قوباد تاڵەبانی بە زۆر پۆستەكان لە گۆڕان وەردەگرێتەوە”.
ئەو سەرچاوەیە، وتیشی “چونكە جێگرەوەكەی كاك ئاری وا خۆی پێشكەشكردووە كە ئەویش هەر گۆڕانە و ناوی هۆشیارە، ئینجا هەر ئەوانەی گۆڕان ناگۆڕدرێن”.
هەروەها ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بە تیمی بنكۆڵكاریی پاسەوانی راگەیاند هیچ گۆڕانكارییەك نەكراوە، حاڵەتەكەی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پاراستنی دارستان، جۆرێك لە هەڵە تێگەیشتن بووەو راگیراوە، هەروەها وتی ئەگەر گۆڕانكارییەك لە پۆستەكانی گۆڕاندا بكرێت، گۆڕان خۆی ناوەكان پێشكەش دەكات، بەڵام دەبێت هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا هەبێت و بە زۆر نیە، چونكە هەر گۆڕانكارییەك پێویستی بە دەنگدانە لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
ئەو كەسەی كە دەوترێت دەخرێتە جێگەی ئاری ڕەوف بێگەرد، ناوی عەمید هۆشیار بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی فریاكەوتنی 104ە، پێشتر گۆڕان بووە و ئێستا وازیهێناوە.