راپۆرتی یەكەم – ساڵی 2023

لەبارەی ساختە هەواڵ لە میدیا و سۆشیال میدیای کوردیدا:

*یەکێک لە خەوش و ڕووە تاریکەکانی میدیای کوردیی، ساختە هەواڵ و هەواڵی هەڵبەستراوە! بەجۆرێک کەم سایت و کەناڵ و سۆشیال میدیای کوردیی هەیە، ڕۆژانە و هەفتانە هەواڵی ساختە و ناڕاست بڵاونەکاتەوە! ئەمەش لە دواجاردا دەبێتە کەشێکی ناتەندرووست و ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی، لەسەر زۆرێک لەلایەنەکانی ژیانی هاوڵاتیی دەبێت!
*تیمی پاسەوان، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بێلایەنانە و پیشەییانە، چاودێری میدیا و سۆشیال میدیای کوردیی کردووە. بەتایبەتیش، لە بوارەکانی (هەواڵی سیاسیی، ئابوریی ، کۆمەڵایەتیی، تەندرووستیی، ژینگەیی و سەربازیی و ئەمنی) بەداخەوە بەشی هەرە زۆری میدیاکان، کەوتونەتە هەڵەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنە و ڤیدۆی ساختەوە! ئەوەی مایەی نیگەرانییە، تەنها چەند کەناڵێک، ئامادەبووە داوای لێبوردن لە وەرگرەکانی بکات، بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی ناڕاست و هەڵبەستراو!
*ساختە هەواڵ، وەک فڕێدانی ژەهرە بۆ ناو هەوا، چۆن خواردنی ژەهراویی و بەسەرچوو، مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەکات، بەو شێوەیەش بڵاوکردنەوەی (ساختە هەواڵ) کۆمەڵگە، تووشی بێ متمانەیی و دڵەڕاوکێی و نائارامیی و لێکترازان دەکات! بۆیە گرنگە کەناڵەکانی راگەیاندن، بەرپرسیارانە و پیشەییانە و وردبینانەتر، مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و وێنە و ڤیدۆ بڵاوکراوەکانیان بکەن.
*ئەم پڕۆژەیەی پاسەوان “بنکۆڵی ژینگەی هەواڵی” بەسەر چەند بەش و سێکتەرێکی جیاوازدا دابەشبووە. جگە لە بڵاوکردنەوەی (هەواڵی ساختە، وێنەی دەستکاریکراو، ڤیدۆی ناڕاست) هەندێجاریش، زانیاریی هەڵە و نادرووست، لەناو هەواڵەکاندا دەبینرێت! بە جۆرێک جگە لە ساختە هەواڵ، لەهەمانکاتیشدا لە داڕشتن و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە زانیاریی هەڵە بڵاودەکەنەوە! ئەمەش هەندێجار لە بێ ئاگایی و هەندێجاریش مەرامی تایبەتیی هەیە!

*زۆرجار، لە بڵاوکردنەوەی ساختە هەواڵدا، ئامانجی سیاسیی و ئایدۆلۆژی و کەسی هەیە و هەوڵی بە ئامانجگرتنی، کەسایەتییە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ناودارەکان دەدرێت! ئەمەش زۆر دوورە لە کاری میدیایی و ڕاگەیاندنی پڕۆفیشناڵ و پیشەیی. بەداخەوە، زۆرجار ساختەهەواڵ دادەبەزێتە ئاستی تیرۆری کەسایەتیی و دەستبردن بۆ باری تایبەتی کۆمەلایەتی کەسایەتییەکان!
*خاڵێک لای پاسەوان ،گرنگ و جێگەی بایەخە. کە ئامانج لەم چاودێریکردن و دۆزینەوەیەی ساختە هەواڵە، بۆ شکاندن و لێدان نیە لە فڵان سایت و کەناڵی میدیایی، هێندەی ئەوەی هەوڵدانە بۆ ساغکردنەوە و بەئاگاهێنانەوەی کەناڵ و میدیاکان، بۆ دروورکەوتنەوە لە هەواڵی ساختە و هەڵبەستراو!
*ئەمەی دەیخوێننەوە، بە وێنە و بەڵگەنامەکانەوە، ساختەهەواڵی ئەو کەناڵ و سۆشیال میدیاییە کوردییانە، لەماوەی ڕابردوودا تیمی پاسەوان چاودێرییان کردووە. پاسەوان، بەیەک سنوور لەهەموو کەناڵ و ڕاگەیاندنەکانەوە دەوەستێت. خۆمان بە پشتیوان و هاوکاریی ئەوانەیان دەزانین، کە خۆیان بەدووردەگرن لە ساختەهەواڵ.

Download PDF