حەکیم داود قەرەداغی:
هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەموو جیهان رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی کامپەینی فەیک نیوز یان (هەواڵی درۆ) بووەتەوە. بەڵام ئەوەی کوردستان لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان جیادەکاتەوە ئەوەیە حیزبە سیاسییەکان، میدیای فەرمی و سێبەری حیزب و بەشێک لە میدیای سەربەخۆش رۆژانە هەواڵی فەیک و زانیاری درۆ بڵاودەکەنەوە. ئەمە بۆچوونی خۆم نییە، ئەنجامی نامەی ماستەرەکەمە.
کاتێک لە زانکۆی سالفۆرد لە بەریتانیا بۆ خوێندن لە بواری رۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی وەرگیرام هێشتا بڕیارمنەدابوو نامەی ماستەرەکەم لە چی بوارێکدا بێت. بەڵام دوای چەند مانگێک خوێندن بۆم دەرکەوت باشترین بابەت بۆ توێژینەوە لە میدیای کوردستاندا فەیک نیوزە، چونکە هەم بابەتێکی نوێیە و هەم هیچ ئامارێکیش لەبەردەستدا نییە. نەبوونی داتا لە هەر بوارێکی توێژینەوەدا ئاڵنگاری زۆر رووبەڕووی توێژەر دەکاتەوە، بەڵام لەڕێگەی دەستخستنی داتای نوێی تایبەت بە خۆی-بەتایبەت کە لە خوێندنی ماستەردا دەگمەنە- توێژەر دەتوانێ لێکۆڵینەوەکەی فراوانتر و باشتر بکات. ئەنجامەکەش هەر ئەوە بوو، توێژینەوەکەم پلەی یەکەم (Distinction) بەدەستهێنا.
پرۆپۆزەڵی توێژینەوەکە لەبارەی “رۆڵی سۆشیاڵ میدیا بوو لە بڵاوکردنەوەی فەیک نیوز لە هەرێمی کوردستانی عێراق”. بەڵام زۆرجار ئەو پرۆپۆزەڵەی کە توێژەر دەینووسێت و پرسیاری لەبارەوە دەکات، لە ئەنجامی توێژینەوەکەیدا بە ئاقارێکی دیکەدا دەیبات و ناچارە تەنانەت ناونیشانی توێژینەوەکەش بگۆڕێت. ئەمەش وابوو، دوای دەستکەوتنی ئەنجامەکان ناونیشانەکە گۆڕدرا بۆ “فەیک نیوز لە کوردستان: حیزبە سیاسییەکان، میدیای سێبەر و سۆشیاڵ میدیا”.
لە سەرەتای گفتوگۆکانم لەگەڵ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەم باسی کاریگەری میدیای “سێبەر”م کرد لە کوردستان. پرۆفیسۆر شەیمس سیمپسن بە سەرسوڕمانەوە پرسی “میدیای سێبەر” چییە؟ ئەمەش بۆ من جێگەی تێڕامان بوو کە ئێمەی کورد لە هەرێمی کوردستان جۆرە میدیایەکمان هەیە کە براندێکی تایبەتد بە خۆمان و لە کەم شوێن وێنەی هەیە. هەر ئەو جۆرە میدیایەش هۆکاری خراپی دۆخی رۆژنامەنووسی کوردییە، لەنێویاندا پرسی فەیک نیوز.
بۆیە لەم وتارە کورتەدا دەمەوێ چەند ئەنجامێکی توێژینەوەکەم بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردی لەماڵپەڕی تۆڕبەند بڵاوبکەمەوە. بەو هیوایەی بتوانرێ توێژینەوەی چڕوپڕتر لە ئاستی دکتۆرا لەم بوارە گرنگە نوێیەدا ئەنجامبدرێت